BookPDF Available

سیاسەتی دەرەکی و ناسنامە

Authors:

Abstract

یەکێک لە پرس و بابەتە گرنگەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانە، کە بە تیۆر و ڕوانگەی جۆراوجۆر خوێندنەوەی بۆ دەکرێت. لە لایەکی تـرەوە سیاسەتی دەرەوەی ھەر وڵاتێکیش ئامرازێکە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتان یان ئەکتەرەکانی تـری نێونەتەوەیی بە مەبەستی بەدیھێنانی ئامانجەکانی ئەم دەوڵەتە کە لەسەر بنەمای ستـراتیژیەتێکی تایبەت بەڕێوە دەچێت. ئەم ڕەفتار و ستـراتیژیەتە دەرەکییەش دەرھاویشتەی کۆمەڵێک ڕەگەز و فاکتەری ناوخۆیی و نێونەتەوەییە، بەم مانایە کە سیاسەتی دەرەوەی ھەر دەوڵەتێک لە لایەک دەرھاویشتەی کارلێکی نێوان فاکتەر و ڕەگەزەکانی مادی و مانایی ناوخۆیی و دەرەوەیە و لە لایەکی تـریشەوە دەرئەنجامی ھەوڵدانە بۆ بەرجەستەکردن و جێبەجێ کردنی کۆمەڵێک لە فاکتەر و ڕەگەزەکانی ھزری، ئایدۆلۆژی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و بەگشتی ناسنامەییە، کە لە سیاسەتی دەرەوەدا بەرجەستە دەبێت. بەڵام بە پێی فاکتەر و ڕەگەزەکانی پێکھێنەری ناسنامەی وڵاتێک ئەم کارلێکە جیاوازە و ڕۆڵی پێکھاتە یان بکەرەکە بەرجەستە یان بەرز و نزم دەبێتەوە. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک ئەکتەرێکی گرنگی ناوچەیی و بە ھۆی تایبەتمەندی سیستەمە سیاسییە ئایدولۆژیک و شۆڕشگێرانەکەی، خاوەن سیاسەتێکی دەرەوەی تایبەتە، کە ھەوڵەکان بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، تەنیا بە تیۆر یان ڕوانگەیەک ناتوانێت ھەموو ڕەھەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕوون بکاتەوە. بۆیە پێویستە بنەماکانی ھزری و ڕەگەز و ھەروەھا فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر ئەم بنەما ھزریانە کە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات لە چوارچێوەیەکی تیۆریدا بخەینە ڕوو و ھۆکاری ڕەفتاری تایبەتی ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕوون بکەینەوە و ھەوڵ بدەین لە تیۆر یاخود لە ڕوانگەیەکی چەند ڕەھەندی سوود وەربگرین، تاوەکو ناسنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان بکەین کە ئەم ناسنامەیە فۆرمی سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان دەکات. بەم مانایە کە تیۆر و ڕوانگەیەک کە ھەم گرنگی بە پێکھاتە و بکەر دەدات و ھەم فاکتەرە ھزری و مادیەکان ڕوون دەکاتەوە. لێرەوە ھەوڵ دەدەین کە لە تیۆری کۆنستـراکتیڤیزم سوود وەربگرین تاوەکو بنەماکانی ھزری و چوارچێوەی تیۆریی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێران، کە جۆری تێگەیشتنی ئەم دەوڵەتە لە جیھانی دەرەوە و ھەڕەشە و مەتـرسیەکان، ھەروەھا لێکدانەوەیان دیاریدەکات، کە لەسەر بنەمای جۆرە تێگەیشتن و ڕوانگەیەکی تایبەتی ئایینی، ئایدۆلۆژی، مەزھەبی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت جوگرافیایی و ژیۆپۆلێتیکە لە ئاستی دەرەوەدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گیروگرفت و کێشە دەبێتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی تـری ناوچەیی و نێونەتەوەیی یاخود پێکدادانێک لە نێوان بەھا و پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بەھا و پێوەرە زاڵەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی ڕوودەدات، کە ئەمەش دیسانەوە کاریگەری لە سەر ڕەفتار و تێگەیشتنی نوخبە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێی ئەو دەزگا و سیستەمە ھزریانەیان دەبێت و وادەکات کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەدیھێنانی ھەمان ئامانج و بەرژەوەندی، ستـراتیژی جیاواز بگرێتەبەر. چونکە فاکتەرەکانی تاک، پێگە، کۆمەڵگە، حکومەت و پێکھاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی لەم پڕۆسەیەدا بەشداران، کە لە ڕوانگەی کۆنستـراکتیڤیستەکانەوە پێکەوە دەبنە ھۆی دروستبوونی ناسنامەی تایبەت و تێگەیشتنی تایبەت و بەرژەوەندی تایبەت بۆ دەوڵەتێک.
ResearchGate has not been able to resolve any citations for this publication.
ResearchGate has not been able to resolve any references for this publication.